هەرێم نیوز
لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشە هاوبەشەکانی نێوان تاران و واشنتن و بەردەوامیی ئیفلیجی لە گەرووی هورمز سەرەڕای ئینکارییەکانی هەردوولا، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گونجاو نەبێت، هەروەها هەنگاوی سەربازیی ئەمریکا بە پێویستی دەمێنێتەوە.
وەزیری وزەی ئەمریکا: ڕەنگە پێویست بکات چاوەڕێی ئیدارەیەکی داهاتووی ئێران ببن
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC باسی لەوە کردووە: "ڕەنگە پێویست بێت چاوەڕێی ئیدارەیەکی داهاتووی ئێران بین بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن."
ئاماژەی بەوەش کرد ڕەنگە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەبێت و ڕەنگە تەنیا بابەتی لەناوبردنی توانای ئێران بێت بۆ پەرەپێدانی ڕێککەوتنەکە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ڕەنگە پێویست بکات چاوەڕێی ئیدارەیەکی داهاتووی ئێران بین تا بگاتە ڕێککەوتن، ئێمە بە سادەیی نازانین."
لێدوانی وەزیری دەرەوە و هەڵوێستی ترەمپ
جگە لەوەش، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تاران بەردەوامە لە ئەنجامدانی "هەموو کارێک کە لە توانایدا بێت بۆ وروژاندنی کێشە لە ناوچەکەدا"، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ئامادەبوونی هێزی دەریایی ئەمریکا بە ئامانجی "بەرپەرچدانەوەی ئەوە و دڵنیابوونەوە لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز".
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەمریکا هێشتا لە شەڕدایە، وەزیری دەرەوە ئەو دۆخەی بە "ململانێ" وەسف کرد، تایبەتمەندییەک کە لەگەڵ هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا یەکدەگرێتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ و جێگرەکەی جەی دی ڤانس هەوڵیانداوە شەڕەکە کەم بکەنەوە. ڕوژ هەینی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا بە "پرسێکی بچووک" وەسفی کرد و لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ئەوە شتێکی گەورە نییە."
پاشخانی ئاڵۆزییەکان و پەککەوتنی گەرووی هورمز
ئەو هەڵوێستانە لەکاتێکدا هاتنە ئاراوە کە پەرەسەندنی نێوان لایەنە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان وەک خۆی ماوەتەوە، لە کاتێکدا ئاگربەست و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا واژۆ کرابوو بە ئامانجی خۆشکردنی ڕێگا بۆ ڕێککەوتنێکی ئاشتیی فراوانتر داڕما.
هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی ژیانیی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی جیهانی و لە ئەنجامدا تێچووی زۆرێک لە کاڵای دیکە.