هەرێم نیوز
دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی (١٢ـی ئامادەیی) لە عێراق، کاردانەوە و تووڕەیییەکی فراوانی جەماوەری و پەروەردەیی لێکەوتەوە، هاوکات داوا دەکرێت سەرۆکوەزیران دەستوەردانی خێرا بکات بۆ لێکۆڵینەوە و دوورخستنەوەی بەرپرسە کەمتەرخەمەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی 9ـی 2026، شەپۆلێکی دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە وزارییەکانی شەشەمی ئامادەیی، ناوەندە جەماوەری و پەروەردەییەکانی عێراقی هەژاند.
ئەم دزەپێکردنە تووڕەیییەکی فراوانی لێکەوتەوە، چونکە راستەوخۆ زیان بە بنەمای یەکسانی و دەرفەتی دادپەروەرانە و دەستپاکی سیستەمی تاقیکردنەوەکان دەگەیەنێت، کە هەزاران قوتابی چاوەڕێی دەکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی داهاتووی خوێندنیان.
قەیرانەکە تەنیا لە بڵاوبوونەوەی پرسیارەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو شەپۆلێک لە گاڵتەپێکردن و تۆمەتبارکردنی لەلایەن چالاکوانان و چاودێرانەوە بەدوای خۆیدا هێنا.
عەلی ئەبو حەسەن، کە چالاکوانێکە، لە بڵاوکراوەیەکدا بە توانجەوە نووسیویەتی: "یاسر جومەیلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری پەروەردە، بە هەڵە پەنجەی بە دوگمەکەدا ناوە".
ئەمەش وەک گاڵتەپێکردنێک بەو لێدوانانەی پێشووی وەزارەت کە گوایە چاپکردن و دابەشکردنی پرسیارەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و تەنیا بە "داگرتنی دوگمەیەک" دەبێت.
ئەمەش پرسیاری جدی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە و پاراستنی نهێنییەکان دروست کردووە، بەتایبەتی لە سایەی گرتنەبەری رێکاری توندی وەک بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت.
لەو چوارچێوەیەدا، عەلی جبووری، توێژەر و ئەکادیمی، رایگەیاندووە، بابەتەکە لە کەمتەرخەمییەکی کارگێڕیی سادە تێپەڕیوە و پێویستی بە کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و ورد هەیە کە بەدواداچوون بۆ سەرجەم قۆناخەکانی دانانی کۆد، چاپکردن، گواستنەوە و دابەشکردنی پرسیارەکان بکات. جەختیشی لە پێویستیی ئاشکراکردنی ئەنجامەکان بە شەفافییەت بۆ رای گشتی و دیاریکردنی لایەنە کەمتەرخەمەکان و سزادانیان بەپێی یاسا کردەوە.
بە گەڕانەوە بۆ ساڵانی رابردوو، سیستەمی پەروەردەیی عێراق چەندین حاڵەتی هاوشێوەی دزەپێکردنی پرسیارەکانی بەخۆیەوە بینیوە کە بووەتە هۆی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی باڵای حکومەت و لەکارلابردنی بەرپرسە باڵاکانی وەزارەت.
لەسەر ئەو بنەمایەش، ئێستا داواکارییەکان ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێن بۆ دەستوەردانی راستەوخۆ، کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و لەکارلابردنی هەر کەسێک کە تێوەگلانی یان کەمتەرخەمییەکەی لەم قەیرانەدا دەسەلمێندرێت لە هەر پۆستێکدا بێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی شکۆی پەروەردە و دادپەروەریی تاقیکردنەوەکان.