هەرێم نیوز
تیمەکانی دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای نەینەوا تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد کە وەک ژمێریار لە بەشی پەروەردەی قەزای حەزەر کاری کردووە و بە شێوازێکی نایاسایی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵ مووچەی فەرمانبەرێکی وەهمیی خەرج کردووە و پارەکەی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی بردووە.
دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣، بە بیانووی گواستنەوەی فەرمانبەرێک لە نوێنەرایەتیی وەزارەتی پەروەردە لە هەولێرەوە بۆ بەشی پەروەردەی حەزەر، مووچەی مانگانەی بەناوی ئەو فەرمانبەرە وەهمییەوە خەرج کردووە و پارەکەی بۆ خۆی بردووە.
دەستەی دەستپاکی ڕوونیشی کردەوە، لە دوای لێکۆڵینەوە و وردبینییەکان دەرکەوتووە کە هیچ فەرمانێکی دەستبەکاربوون یان مۆڵەتی ئەمنی بۆ ئەو فەرمانبەرە لە پەروەردەی نەینەوا بوونی نەبووە.
هاوکات تۆمارە فەرمییەکان خاڵین لە هەر بەڵگەنامە و دۆسیەیەک کە بوونی ئەو فەرمانبەرە یان گواستنەوەی لە هەولێرەوە بسەلمێنێت، ئەمەش تێوەگلانی ژمێریارەکەی لە تاوانەکەدا ڕاستکردووەتەوە و بووەتە هۆی دەستگیرکردنی.