هەرێم نیوز
ئێوارەی دوێنێ شەممە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبوونەوەی ٣٨ەمینی خۆی لە کۆشکی حکوومی ئەنجام دا و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە بارودۆخێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت و دەبێت لە لێکەوتەکانی ئەو سزایانەی ئەمریکا بپارێزرێت کە بەسەر وڵاتاندا دەیسەپێنێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە تاوتوێی دۆسیەکانی ئابووری، سیاسی و یاسادانان کرا، جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی کەرتی وەبەرهێنان، پڕۆژەی شارە نوێیەکان و دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی نیشتەجێبوون کرایەوە. هاوکات بڕیار درا بە ڕاگرتنی تێکدانی زیادەڕۆییەکان تا کاتی دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر شایستەکاندا. لە تەوەرێکی دیکەی ئابووریدا، نزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی گوژمەیەکی دارایی نوێ بۆ خەرجکردنی شایستەی جووتیاران و بەڵێندەران ڕاگەیەندرا.
لەسەر ئاستی سیاسی و یاسادانان، بەشداربووان پاڵپشتیی خۆیان بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان دووپات کردەوە. هەروەها ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دیالۆگ لە هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان بەمەبەستی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، بێجگە لە جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق و ڕەتکردنەوەی وتاری تایفەگەری.