دواین هەواڵ

عێراق‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ تیمی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجە کۆبووەوە

هەرێم نیوز

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ تیمی فەرمانگەی بودجەی وەزارەتەکەی کۆبووەوە و فەرمانی دا هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەسەر بنەمایەکی زانستی و واقیعی.

ئەمڕۆ شەممە، 5ـی 9ـی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ تیمی کاری فەرمانگەی بودجە لە دیوانی وەزارەت کۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی قۆناغەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەی بودجەی کارنامە و ئەنجامەکان و تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کارانە بوو کە لەلایەن تیمەکانی کارەوە ئەنجام دراون و پێداچوونەوەی بە دیارترین ئەو هەنگاوانەدا کرد کە لە ئێستادا جێبەجێ دەکرێن.

هاوکات گفتوگۆ لەسەر سەرجەم ئەو تێبینی و پێشنیازانە کرا کە بۆ باشترکردنی پرۆسەکە خرابوونە ڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، فالح ساری فەرمانی کرد بە بەردەوامبوونی کارەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان، هەروەها جەختی لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان، پارێزگاکان و دامەزراوە حکوومییەکان کردەوە، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجە لەسەر بنەمایەکی ورد، زانستی و واقیعی بۆ خزمەتکردنی ئابووریی گشتیی وڵات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP