هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگەیاند، توانیویانە ژمێریارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای نەینەوا دەستگیر بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی تێوەگلاوە بە بردنی سامانی گشتی لە ڕێگەی خەرجکردن و وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرێکی "وەهمی" بۆ ماوەی شەش ساڵی لەسەریەک.
ئەمڕۆ شەممە، 5ـی 9ـی 2026، دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سەر بە دەستەکە توانیویانە ئەو ژمێریارە دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە هەستاوە بە بردنی مووچەی فەرمانبەرێکی وەهمی و بۆ ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی نایاسایی پارەکەی خستووەتە سەر هەژماری تایبەتیی خۆی.
بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تیمەکانی دەستپاکی، دەرکەوتووە کە هیچ فەرمانێکی دەستبەکاربوون یان تۆمارێکی فەرمی لە بەردەستدا نییە کە بوونی ئەو فەرمانبەرە لە ڕاستیدا بسەلمێنێت، یان تەنانەت گواستنەوەی بۆ ناو میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەینەوا پشتڕاست بکاتەوە.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا، دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە شێوەیەکی فەرمی پرۆسەی دەستگیرکردنەکە تۆمار کراوە و ژمێریارە تۆمەتبارەکەش ڕەوانەی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییە پێویستەکانی بەرامبەر بگیرێتە بەر.