دواین هەواڵ

عێراق‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای حساباتی کۆتایی ساڵانی (٢٠١٢-٢٠١٥) تاوتوێ دەکات

هەرێم نیوز

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی پڕۆژەیاسای حساباتی کۆتایی بۆ ساڵانی دارایی (٢٠١٢ تاوەکو ٢٠١٥) ئەنجام دا، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و خستنەبەرنامەی کاری دانیشتنەکان بۆ خوێندنەوەی دووەم.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی 9ـی 2026، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار عەدی عەواد و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی پڕۆژەیاسای حساباتی کۆتایی ساڵانی (٢٠١٢، ٢٠١٣، ٢٠١٤ و ٢٠١٥). 

لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین تێبینییەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاساکە خرانە ڕوو، لەگەڵ باسکردنی میکانیزمی خستنە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمان، هەروەها تاوتوێکردنی ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکەدان و زانینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی دواکەوتنی ئامادەکردنی حساباتی کۆتایی.

لیژنەکە ڕوونی کردەوە کە ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە، کاراکردنی حوکمەکانی ماددەی ٢٣ـی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانیەتی ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠١٨، کە تایبەتە بە حساباتی کۆتایی و پەسەندکردنی.

 هەروەها تیشکخستنە سەر نیشاندەرەکانی کارکردنە لە جێبەجێکردنی بودجەی ئەو ساڵانەدا، بە جەختکردنەوە لەسەر کارایی ئەدای حکوومەت و پێوانەکردنی توانای یەکە خەرجکەرەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و بەرنامە وەبەرهێنانەکان، و بەراوردکردنی قەبارەی داهات و خەرجییە مەزندەکراوەکان لەگەڵ ئەوانەی بە کرداری بەدی هاتوون.

لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە جەختی لە پێویستیی میوانداریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کردەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی ڕای یاسایی دیوانەکە پاڵپشت بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.

 هاوکات لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی بۆ گرنگترین حساباتەکان کرد و خشتەی بەراوردکاری ئامادە کرد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان و بەهێزکردنی خاڵە ئەرێنییەکان لە پرۆسەی پەسەندکردنی حساباتی کۆتاییدا بەپێی دەستوور. 

سەبارەت بەو یاسایانەشی کە ئاراستەی لیژنەکە کراون، ئامادەبووان جەختیان لە گرنگیی دانانی بنەمای پێویست بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر یاسایەک بە جیا کردەوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی تەواو بکرێن و بۆ دەنگدان لەسەریان بخرێنە بەردەم پەرلەمان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP