دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

چاوێکی نوێ لە گەردوون؛ ناسا تەلەسکۆپی "ڕۆمان" بۆ لادانی پەردە لەسەر تاریکیی ئاسمان هەڵدەدات

هەرێم نیوز

ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەمریکا (ناسا) تەلەسکۆپی نوێی "نانسی گرەیس ڕۆمان"ی بە مووشەکی فالکۆن هێڤی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکس ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆژە ٤.٣ ملیار دۆلارییە کێشانی نەخشەیەکی تەواو نوێی گەردوون و شیکارکردنی دوو گەورەترین مەتەڵی فیزیا؛ ماددەی تاریک و وزەی تاریکە، کە پێکەوە ٩٧٪ی پێکهاتەی گەردوون پێکدەهێنن.

تەلەسکۆپەکە هەرچەندە قەبارەی ئاوێنەکەی وەک تەلەسکۆپی هابڵە (٢.٤ مەتر)، بەڵام لە یەک گرتەدا ڕووبەرێک تۆمار دەکات کە ٢٠٠ هێندە فراوانترە لەوەی هابڵ دەیبینێت. لە ڕێگەی تیشکی ژێرسوورەوە، "ڕۆمان" دەتوانێت بەناو تەپوتۆزی گەردوونیدا بڕوانێت و چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ١٠٠ هەزار هەسارەی نوێ لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بدۆزێتەوە. ئەم تەلەسکۆپە وەک چاوێکی فراوان و بەهێز، چاودێریی ملیۆنان گەلەئەستێرە دەکات تاوەکو زانایان لە چۆنیەتیی خێرابوونی کشانی گەردوون و کۆبوونەوەی ماددەی نادیاری فەزا تێبگەن.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP