دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسانکاری بۆ شۆفێران؛ بەشی مۆڵەت لە هاتووچۆی سلێمانی دەوامی ئێوارانی دەستپێکرد

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی - بەشی مۆڵەت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، بە شێوەیەکی ئەزموونی دەستپێکردنی شەفتی ئێوارانی لە بەشی مۆڵەت ڕاگەیاند.

بەپێی ئاگادارییەکی فەرمیی هاتووچۆی سلێمانی، وەرگرتنی کۆدی نۆرەگرتن وەک پێشتر لە ڕۆژانی شەممە کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارە دەبێت و هاووڵاتییان لە کاتی تۆمارکردندا خۆیان سەرپشکن لە هەڵبژاردنی سەردانیکردن لە شەفتی بەیانیان یان ئێواران.

هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە دەستپێکی ئەم پرۆسەیەدا و بۆ ئەم هەفتەیە، تەنیا ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە (ڕێکەوتی ٧ و ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦) شەفتی ئێواران بەردەست دەبێت. هاوکات شەفتی بەیانیانیش وەک پێشتر لە ڕۆژانی یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.

لەکۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئەو هاووڵاتییانەی بۆ ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە شەفتی ئێواران هەڵدەبژێرن، پێویستە لە کاتژمێر ١:٣٠ی پاشنیوەڕۆوە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ئامادە بن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP