دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

سەندیکای کرێکاران: کاتی دەوامی سەرتاشخانەکان لە ٨ـی بەیانییەوە بۆ ٨ـی ئێوارە دەبێت

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان - لقی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەک کە بۆ سەرتاشەکان کراوە، کاتی دەوامی سەرتاشخانەکان لە کاتژمێر ٨ـی بەیانی تاوەکو ٨ـی ئێوارە دیاری کرا و ڕۆژانی هەینیش کرا بە پشووی فەرمی.

شەممە، 5ـی 9ـی 2026، سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی سلێمانی، ڕاپرسییەکی تایبەتی بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە سەرتاشەکانی شارەکە بەڕێوەبرد، ئەوەش بە مەبەستی دیاریکردنی کاتەکانی دەوامی فەرمی و ڕۆژانی پشووی ئەم پیشەیە.

سۆران حیسامەددین، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان - لقی سلێمانی، لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانەکە و جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەپێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە، کاتی دەوامی فەرمیی سەرتاشەکان لە کاتژمێر ٨ـی بەیانی تاوەکو ٨ـی ئێوارە دیاری کرا، هەروەها بڕیار درا ڕۆژانی هەینی ببێتە پشووی فەرمیی سەرتاشخانەکان لە شارەکەدا."

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی سەندیکاکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پرۆسەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری پیشەوەران و پاراستنی مافەکانیان. 

ئاشکراشی کرد کە ئەنجامی کۆتایی ڕاپرسییەکە ئامادە کراوە و بە فەرمی پێشکەشی قایمقامییەتی سلێمانی دەکرێت، تاوەکوو ڕێکاری یاسایی پێویستی بۆ بگیرێتەبەر و بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP