دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆتایی هات؛ ناردنی پارەکە دەکەوێتە دوای مووچەی عێراق

هەرێم نیوز

دوای تەواوبوونی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ هیچ گرفتێک، بڕیارە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی عێراق، پارەی مووچەی هەرێمیش ڕەوانە بکرێت، هاوکات کێشەی نەختینەش لە بەغدا تا ڕادەیەک چارەسەر کراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 5ـی 9ـی 2026، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستکەوتوون، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە عێراق بەراورد بە مانگی ڕابردوو خێراتر کراوە. تاوەکو ئێستا مووچەی ئەو وەزارەتانەی زۆرترین فەرمانبەریان هەیە، وەک (ناوخۆ، بەرگری، تەندروستی، پەروەردە و پیشەسازی) لەگەڵ چەند دەستەیەک دابەش کراوە. هەروەها کێشەی پارەی نەختینە بەراورد بە مانگی پێشوو تا ڕادەیەک چارەسەر کراوە و بڕیاریشە لە سبەینێوە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەست پێبکاتەوە.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆتایی هاتووە و هیچ کێشەیەکی تێدا نەماوە. بڕیاریشە ناردنی مووچەی هەرێم بکەوێتە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی عێراقەوە.

لە لایەکی دیکەوە، داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە مانگی هەشتدا گەیشتووەتە چوار تریلیۆن و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، کە بەرهەمی فرۆشتنی ٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بووە. ئەم زیادبوونەی داهاتە دەبێتە هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی عێراق لە مانگەکانی داهاتوودا و پرۆسەی دابەشکردنی مووچەش خێراتر دەکات، بەتایبەتی کە داهاتی فرۆشی نەوت لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا دادەنرێت و هەر دوو مانگ جارێک ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP