دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی ناوەندیی عێراق دەستی بەسەر بانکی تەیفی ئیسلامیدا گرت و سەرپەرشتیارێکی بۆ دیاری کرد

هەرێم نیوز

بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا سەرپەرشتیارێک (قەیوم) بۆ بانکی تەیفی ئیسلامی دابنێت بە مەبەستی پاراستنی مافی خاوەن هەژمارەکان، ئەمەش دوای ئەوەی بانکەکە سەرپێچیی کردووە و مەترسیی ئیفلاسبوونی لەسەر دروست بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی 9ـی 2026، بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق کە واژۆی پارێزگاری بەوەکالەتی لەسەرە، بەهۆی بوونی سەرپێچیی گەورە کە کاریگەریی خراپی لەسەر پێگەی دارایی بانکەکە و پارەی سپێردراوی هاووڵاتییان هەبووە، بانکی ناوەندی بڕیاری داوە سەرۆک و ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بانکی تەیفی ئیسلامی سڕ بکات و دووریانبخاتەوە.

لە بڕیارەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە کە نوێنەرێک بە ناوی (عیماد محەممەد حەمەد) وەک سەرپەرشتیار بۆ ماوەی ١٨ مانگ دیاری کراوە، کە ئەمەش درێژترین ماوەی یاساییە بۆ سەرپەرشتیکردنی کارە ئیداری و داراییەکانی بانکەکە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی و پاراستنی مافی خەڵک.

سەرەڕای ئەم ڕێکارانە و بوونی مەترسیی ئیفلاسبوون، بانکەکە لە ئێستادا بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تاوەکوو پرۆسەی ڕێکخستنەوەکە تەواو دەبێت و بانکی ناوەندیش دڵنیایی داوە کە مافی خاوەن هەژمارەکان دەپارێزێت.

 جێی باسە، بانکی تەیفی ئیسلامی پێشتریش کێشەی بۆ دروست بووە؛ لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا و بەو هۆیەوە مامەڵەکردنی بە دۆلاری ئەمریکی لێ قەدەغە کرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP