دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دارایی عێراق بڕیارێکی نوێ لەبارەی گومرگەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەردەکات

هەرێم نیوز

وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی گومرگ و شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و جەختی لە تەواوکردنی ڕێکارەکان کردەوە بۆ ئەوەی بەمزوانە سیستەمی (ئەسیکۆدا) لە دەروازە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، هاوکات بڕیاری دا لە ١ی تشرینی یەکەمەوە باجی گومرگی پێشوەختە وەربگیرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی 9ـی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بە ئامادەبوونی د. سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکان و ژمارەیەک لە شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD)، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەبارەی پەرەپێدانی کاری گومرگی و تەواوکردنی پرۆژەکانی بەئەلیکترۆنیکردن ئەنجام دا.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ سەبارەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی داتا گومرگییەکان کرا.

 وەزیری دارایی جەختی لە تەواوکردنی پێداویستییە هونەری و کارگێڕییەکان کردەوە بۆ ئەوەی بەمزوانە سیستەمەکە لە دەروازە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستانیش بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بە ئامانجی یەکخستنی ڕێکارەکان، بەهێزکردنی چاودێری و ئاڵوگۆڕکردنی داتاکان لەسەر ئاستی نیشتمانی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی عێراق داوای کرد ڕێکارەکان ئامادە بکرێن بۆ دەستپێکردنی وەرگرتنی پێشوەختەی باجی گومرگی لە کاتی حەواڵەی داراییدا، کە بڕیارە لە یەکەمی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە جێبەجێ بکرێت. 

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی شەفافیەت، نەهێشتنی یاریپێکردن، ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە، و مسۆگەرکردنی مافەکانی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP