هەرێم نیوز
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی باشوور و ڕۆژئاوای ئێران، لانیکەم ١٥ کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
زەرەر و زیانە گیانییەکان بەپێی پارێزگاکان
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیرنا و تەسنیم، ئاماری قوربانییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا بەم شێوەیەیە:
•پارێزگای خوزستان: لە هێرشێکی مووشەکیدا حەوت کەس کوژران و هەشت کەسی دیکە بریندار بوون.
•پارێزگای هورمزگان: لە شاری کۆهستاک، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەک بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری، چوار کەس کوژران.
•پارێزگای کرماشان: سوپای پاسداران کوژرانی چوار لە ئەندامانی لە هێرشەکاندا پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستیی ئێران، لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ برینداری هێرشەکان لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریدان.
پاشخانی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا
شەوی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی شەپۆلێک هێرشی چڕی بۆ سەر ئامانجەکانی سوپای پاسداران ئەنجام داوە کە تێیدا پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمی ڕادار، دامەزراوە دەریاییەکان، تواناکانی چاندنی مین و بنکەکانی پەیوەندی پێکراون.
زۆربەی ئامانجەکان لە نزیک گەرووی هورمز بوون، کە تاران هەڕەشەی ڕاگرتنی جووڵەی نەوتهەڵگرەکانی تێدا دەکات. لە بەرامبەردا، ئێران بە ئاراستەکردنی درۆن و مووشەک، هەوڵی دانەوەی وەڵامی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا داوە.