هەرێم نیوز
دژەتیرۆری کوردستان رایگهیاند، بهرهبهیانی ئهمڕۆ هێزەکانی هاوپەیمانان ١٠ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە سنوری ئاسمانی پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستنە خوارەوە، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتەوە".
وردودرشتی ههواڵ؛
دژەتیرۆری کوردستان بهیانی ئهمڕۆ چوارشهممه له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێر 01:13 خولهك تا 03:31، هێزەکانی هاوپەیمانان 10 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە سنوری ئاسمانی پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو (سێشەممە، 1ـی 9ی 2026)، ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، هێرشە "گەورە و بەهێزەکان"ـیان وەک وەڵامێک بوون بۆ "هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز" و هەروەها هەڵدانی هەشت مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن، کە سەرجەمیان تێکشکێندراون.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر وڵاتانی کوەیت، ئوردن، بەحرەین و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشکردنە سەر تاران و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو، دەستیان پێکرد، گەیشتووەتە ئاستێکی چەقبەستوو.
ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردووڵات دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کۆتایی هات. ئێستا ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی تووندتر کردووە. ترەمپ جەختی کردووەتەوە، رێککەوتنی بەلاوە گرنگ نییە و هەر کاتێک پێویست بکات، بە توندی لە ئێران دەدەن.