هەرێم نیوز
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی وەشاندنی گورزێکی محدود دەکات لە گەرووی هورمز بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە دووبارە بونیادنانەوەی تواناکانی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، میدیاکان بڵاوەیانکردەوە، بەپێی وتەی سێ بەرپرسی ئەمریکی، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و یاریدەدەرە باڵاکانی تاوتوێی هەنگاوێک دەکەن بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئێران لە دووبارە بونیادنانەوەی ڕادار و توانا مووشەکییەکانی، کە بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەکان بەکاریان دەهێنێت.
ئەم پلانە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە (CENTCOM) ئامادەکراوە و لەلایەن پیت هیگسیس، وەزیری جەنگەوە پشتیوانی لێکراوە، کە پێشتر ڕەزامەندیی ترەمپی لەسەر نەبووە، بەڵام پێدەچێت دوای ئاڵۆزییە نوێیەکان گڵۆپی سەوزی بۆ جێبەجێکردنی بۆ هەڵبکرێت.
ئاماژەی بەوەش کراوە، ئامانج لە پلانەکە کەمکردنەوەی مەترسیی هێرشەکانی ئێرانە بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان و جەنگییەکان و لەقاڵبدانی تەواوی تواناکانی؛ سەرباری ئەوەی ئەمریکا لە دوو مانگی ڕابردوودا کۆنترۆڵی زۆربەی بەشەکانی گەرووەکەی کردووە، بەڵام سێنتکۆم نیگەرانیی خۆی نیشانداوە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ دووبارە بونیادنانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ئامادەکارییان بۆ ڕەوانەکردنی بەلەمی پر لە مین.
لە پاشخانی هەواڵەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا مەیلی بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی لەگەڵ ئێران هەبووە، بەڵام هێرشە مووشەکییەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن و تەقاندنی مووشەک بەرەو فڕۆکەیەکی F-35، ڕای ترەمپی گۆڕیوە و بەیانیی ئەمڕۆش ڕایگەیاندبوو ویلایەتە یەکگرتووەکان وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە و گورزێکی قورسیان ئاڕاستە دەکات.