دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی ئەوروپا هۆشداری لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق و ئێران دەدات

هەرێم نیوز

ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی یەکێتیی ئەوروپا (EASA) هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول خۆیان لە ئاسمانی عێراق و ئێران بەدووربگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ئاژانسی (EASA) ڕێنیشاندەر و هۆشداریی داوەتە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانی کە ئەم ڕاسپاردەیە لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی بەردەوامی مەترسییە ئەمنییەکان و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و فڕۆکە مەدەنییەکان دەرکراوە. 

ئاشکراشی دەکات، بەرزبوونی ئاستی گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی کتوبڕ و ئۆپەرسیۆنی مووشەکی و ئاسمانی، مەترسییەکی گەورە لەسەر کەشتیگەلی ئاسمانیی مەدەنی دروست دەکات، هەربۆییە ئاگربەستی ئێستا بە ناسک و کاتی وەسف دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کراوە، ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کردووە کە هێڵ و ڕێڕەوی ئاسمانیی بەدیل بۆ گەشتەکانیان بەرەو ناوچەکە یان ئەو گەشتانەی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕ دەبن دیاری بکەن، تاوەکو بەرزترین ئاستی سەلامەتی بۆ تاقمە فڕۆکەوانییەکان و گەشتیاران دەستەبەر بێت.

 ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران و چالاکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکان لە ناوچەکەدا، بەردەوام مەترسی بۆ سەر هێڵە ئاسمانییە مەدەنییەکان دروست دەکات و دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP