دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی نوێی تەکنۆلۆژی و ئاسایشی سایبەریان ئیمزا کرد

هەرێم نیوز

وەزیرانی گەیاندنی عێراق و ئێران لە تاران لەسەر هەناردەکردنی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان، بەهێزکردنی ئاسایشی سایبەری و ڕاهێنانی کادێرانی عێراقی گەیشتنە ڕێککەوتن؛ هاوکات وەزیری گەیاندنی عێراق تەکنۆلۆژیای ئێرانی بە ناوخۆیی و پارێزراو وەسف کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردەوە، لە دوای کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە تاران، ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێران و مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕێککەوتنەکانی نێوانیان خستەڕوو.

 وەزیری ئێرانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیی تەکنۆلۆژیادایە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی دیجیتاڵی لە نێوان هەردوو وڵات و دەوڵەتانی ئیسلامیدا.

ئاماژەی بەوەش کراوە، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە تاران بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە سایبەرییە بەردەوامەکانەوە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە و لەگەڵ بەغدا هاوبەشی پێدەکات. 

هەروەها ڕایگەیاندووە، کۆمپانیای ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ لایەنی عێراقی ڕێککەوتووە لەسەر هەناردەکردنی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان و ڕاهێنانی پسپۆڕانی عێراقی لە ڕێگەی پەیمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێرانەوە.

لای خۆیەوە، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا بە تەواوی ئامادەیە لە بوارەکانی پۆست و ئاسایشی سایبەریدا هاوکاری لەگەڵ تاران بکات و ڕایگەیاند: "ئێران لە کەرتی ژێرخان و بەرهەمهێنانی نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵادا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە؛ ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکەش هاوکاری دەکەین، بەڵام تەکنۆلۆژیای ئێران سیستەمێکی ناوخۆیی و تەواو پارێزراوە، هەربۆیە پەرە بە هاوبەشیمان لەگەڵ کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی ئێران دەدەین."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP