دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ: بە تووندی لە ئێران دەدەین

هەرێم نیوز 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی توندی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، ئەمەش دوای هێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی تاران بۆ سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن لە بەرامبەر بەئامانجگرتنی سەربازەکانیدا لە ئوردن بێدەنگ نابێت و ڕایگەیاند: بە توندی لێیان دەدەین و بە دڵنیاییەوە وەڵاممان بۆ ئەم دەستدرێژییەی ئێران دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ئوردن توانیویەتی تەواوی ئەو مووشەکانە لە ئاسماندا تێکبشکێنێت کە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کرابوون، جگە لە یەک مووشەک کە لە ڕێڕەوی چاودێریدا دەرکەوتووە بەرەو هیچ پێگەیەکی هەستیار و گرنگ ناڕوات، هەربۆیە ڕێگەی پێدراوە بە ئاسمانی ناوچەکەدا تێپەڕێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بگەیەنێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر هەڵوێستی سیاسیی تاران و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان «بە پەرۆشەوە خوازیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەن لەگەڵ واشنتن»، بەڵام گومانی دەربڕی لەوەی کە ئایا دەکرێت متمانە بە تاران بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە سزاکانی ئێستای ئەمریکا بە هێزەوە کاریگەرییەکانیان لەسەر ئیفلیجکردنی ڕژێمی ئێران دروستکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP