دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیا عێراقییەکان: گفتوگۆکانی بەغدا و حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە بنبەست و مەترسیی دەستوەردانی ئەمریکا هەیە

هەرێم نیوز

کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە بنبەست، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا زیاتر دەکات.

١٠ مەرجەکەی حەشدی شەعبی بۆ چەکدانان
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی "ئەلمەدا"ی عێراقی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەوەی میلیشیاکان کۆمەڵێک مەرجی تازەیان بۆ بابەتی چەکدانان داناوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا گەیشتووەتە بنبەست.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە گروپە چەکدارەکان ١٠ مەرجیان ڕاگەیاندووە، لە دیارترینیان: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دەرچوونی هێزەکانی تورکیا، پەکەکە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە خاکی عێراق، لەگەڵ بەشێک لە بابەتەکانی پەیوەست بە هێزەکانی پێشمەرگە.

هەوڵەکانی سەرکردە شیعییەکان و گۆڕینی گوتاری حکوومەت
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی لە باوەڕهێنان بەو گروپانە شکست بهێنێت، ئەوا ئەمریکا بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات. بۆ ڕێگری لەم بژارەیە، لە هەفتەی ڕابردوودا هەریەک لە هادی عامری، نوری المالیکی و محەمەد شیاع سوودانی لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک.
هاوكات گوتاری حکوومەتی فیدراڵیش لە "داماڵینی چەک"ەوە گۆڕدراوە بۆ "رێکخستنی چەک" بە مەبەستی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان. بەڵام جەخت کراوەتەوە کە میلیشیاکان پشتیوانیی جەماوەرییان لەدەست داوە، بەهۆی ترسی هاووڵاتییان لە کێشرانی عێراق بۆ ناو جەنگی ئەمریکا و ئێران.

دوا مۆڵەت و خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان
ڕۆژنامە عێراقییەکە جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی نزیکبوونەوەی ٣٠ـی ئەیلوول کە دوا وادەیە بۆ چەکدانانی میلیشیاکان، هۆشدارییەکان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی زیادبوون.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا دەستنیشان کراوە کە ناکۆکیی سەرەکی لەئێستادا لەسەر ئەوەیە: کێ بڕیاری چەک و سیاسەتی ئەمنیی لە عێراق بەدەستەوەیە؟ ئایا دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان، یان ئەو گروپانەی کە پێداگرن لەسەر پاراستنی توانا سەربازییەکانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP