هەرێم نیوز
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا چەندین دۆسیەی هەستیاری سیاسی، ئەمنی و ئابووریی خستە ڕوو و ڕای گەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ سڕینەوەی سفرەکان لە دراودا نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی 8ـی 2026، حەیدەر عەبودی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕای گەیاند، ئەنجومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی هیچ بڕیارێکیان لەبارەی سڕینەوەی سفرەکان لە دراو نەداوە و ئەم بابەتە پێویستی بە یاسادانان هەیە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و سەروەری، عەبودی جەختی لەوە کردەوە کە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دۆسیەیەکی سەروەریی عێراقییە و وڵاتی لە لێکەوتەی مەترسیدار بەدوور گرتووە و دوورە لە هەر سەپاندنێکی دەرەکی، ئەوەش نیشانەی جدییەتی حکومەتی عێراقە بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی سەروەری و دوورخستنەوەی عێراقییەکان لە لێکەوتەی زیاتر.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی خێراکردنی ڕێکارەکانیدایە لە چوارچێوەی کۆتاییپێهێنانی ئەرکەکانی لە عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا.
لەبارەی هێزە ئەمنییەکانەوە، وتەبێژی حکومەت ڕای گەیاند کە سەرۆکوەزیران گرنگییەکی تایبەت بە دۆسیەی بەرگریی ئاسمانی دەدات و ژینگەی گونجاو و دارایی بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی دابین کردووە، و سەرجەم پێکهاتەکانی ناو دەستەی حەشدی شەعبی ڕێکخستنەوە و ناونانی نوێیان لەناو خودی دەستەکەدا بۆ دەکرێت، هەروەها دەستگیرکردنی عەباس حسێن یەعقوبیش بەپێی بڕیاری دادوەر بووە.
عەبودی لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوەی لەبارەی بوونی پلانێک بۆ بەئامانجگرتنی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری وروژێنراوە، ئێستا لەژێر وردبینیدایە.