هەرێم نیوز
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر قەزای پیرمام دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کردەوەیە پێشێلکردنی مەترسیداری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکە لەلایەن دەستەی مافی مرۆڤەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ١٢:٢٨ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی درۆنی لە دیوی سنوورەکانی ئێرانەوە بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام ئەنجام دراوە.
دەستەکە جەختی کردووەتەوە کە بەئامانجگرتنی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکان پێشێلکردنی پێوەر و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە. ڕوونیشی کردووەتەوە کە سەرەڕای نەبوونی زیانی گیانی، پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی پەلامار و پەیامی سەربازی.
داواکاری بۆ هەڵوێستی جددیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەڵوێستی ڕوون و جددییان هەبێت بۆ راگرتنی ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانە و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.
هاوکات دژەتیرۆری کوردستان ئاشکرای کردبوو کە هێرشەکە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) ئەنجام دراوە و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی دەخاتە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.