دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

زیاتر لە ١٠ هەزار شەڕڤانی هەسەدە چوونەتە ناو سوپای سووریاوە

هەرێم نیوز

بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا ڕایان گەیاند، دانوستانەکانی نێوانیان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە پێش کۆتایی ئەم مانگە، هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و کۆتاییهێنان بە پەیکەربەندیی "خۆبەڕێوەبەری" بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی 8ـی 2026، مەحموود بەرخودان، سەرکردە لە هەسەدە، ڕای گەیاند کە ٩٩٪ی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق چارەسەر کراون و پرۆسەی تێکەڵکردنی سەربازی گەیشتووەتە کۆتایی؛ بە جۆرێک تا ئێستا نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ هەزار شەڕڤان خراونەتە ناو ڕیزەکانی سوپای سووریاوە.

 هەروەها ڕادەستکردنی دامەزراوە گشتییەکان، شوێنە ستراتیژییەکان و کێڵگە نەوتییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە.

لە لایەکی دیکەوە، مستەفا عەبدی، ئەندامی پەرلەمانی سووریا، ڕای گەیاند کە ژمارەیەک لە دادوەرانی "خۆبەڕێوەبەری" چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دادی سووریا تەواو کردووە بۆ کردنەوەی کۆشکی داد لە حەسەکە و قامیشلۆ.

 سەبارەت بە ئاوارەکانیش خستیە ڕوو، نزیکەی ١٣ هەزار خێزان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانی و کۆبانێ، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان بەبێ هەماهەنگی، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە هەندێک ناوچەدا.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، بەتایبەت هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، فشارەکانیان زیاتر کردووە بۆ خێراکردنی ڕێککەوتنەکان و کۆتاییهێنان بە فرەهێزیی چەکداری، لەژێر دروشمی "یەک دەوڵەت و یەک سوپای نیشتمانی".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP