هەرێم نیوز
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیل، کۆشکی سپی داواکارییەکی تەلئەڤیڤی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی پەیوەست بە تورکیا لەناو خاکی سووریا ڕەتکردووەتەوە، و دۆناڵد ترەمپ بە کەسیی ڕێگری لە دروستبوونی پێکدادانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی 8ـی 2026، کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، کۆشکی سپی ڕەزامەندیی نەداوە لەسەر داواکارییەکی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ئامانجێک کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە لەناو خاکی سووریادا.
بەگوێرەی کەناڵی 13، ئیسرائیل هەوڵی داوە ڕەزامەندیی حکومەتی ئەمریکا بەدەست بهێنێت بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستتێوەردانی کردووە بۆ ڕێگریکردن لەو ئۆپەراسیۆنە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا بە پاڵپشتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەریی سووریا، هەوڵ دەدات ئامادەیی سەربازی و هەژموونی خۆی لەو وڵاتەدا زیاتر بکات.
میدیا ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کار دەکات بۆ چەسپاندنی هەژموونی وڵاتەکەی و کۆنترۆڵکردنی پێگە و دامەزراوە ستراتیژییەکان لە سووریا، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و نیگەرانیی قووڵ لای ئیسرائیل بەرامبەر بە بەهێزبوونی ڕۆڵی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هۆکاری سەرەکیی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە نزیک و بەهێزەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەروەها ئارەزووی ئیدارەی واشنتن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و مەترسیدار لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر خاکی سووریا.