ململانێی توندی نێوان واشنتن و تاران لەسەر یەکێک لە گرنگترین شاڕەمارەکانی وزەی جیهان گەیشتووەتە لوتکە؛ لە کاتێکدا ئەمریکا سەپاندنی "دیوارێکی پۆڵایینی" دەریایی بەسەر ئێراندا ڕادەگەیەنێت و جەخت لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی گەرووی هورمز دەکاتەوە، تاران سوورە لەسەر هێشتنەوەی گەرووەکە بە داخراوی تا ئەو کاتەی مەرجەکانی جێبەجێ دەکرێن. ئەم دۆخە خولقێنەری دابەشبوونێکی قووڵی شیکارکارییە لەسەر هاوسەنگیی هێز، یاسای نێودەوڵەتی و ئایندەی ململانێکان، کە سێ چاودێری سیاسی لە پێگەی جیاوازەوە بۆچوونیان لەسەر خستووەتە ڕوو.
دکتۆر سامی نەسف، وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی کوێت پێیوایە کە باڵادەستیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزێکی زیاتری پێدەبەخشێت بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر گەرووەکەدا، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزی دەریایی ئێران زیانی کوشندەی بەرکەوتووە، ئەگەرچی تاران هێشتا توانای مانۆڕی بێزارکەری ماوە. نەسف بە گەڕانەوە بۆ ئەزموونی "شەڕی دەریایی ناقیڵەکان" لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن پێشتریش لە ڕێگەی کاروانە دەریاییە گەورەکان و بوارجە جەنگییەکانەوە توانی گەرووەکە بە زەبری هێز بکاتەوە. ئەو ڕوونیشی کردەوە کە کردنەوەی مەلەوانگە دەریاییەکان قازانجێکی گەورە بە بازاڕەکان، کۆمانیایەکانی نەوت و کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا دەگەیەنێت. سەبارەت بە یاسای دەریاکانیش، نەسف پاڵپشت بە ماددەکانی ٤٢ و ٢٦ ڕایگەیاند کە دەوڵەتە هاوسنوورەکان پابەندن بە مسۆگەرکردنی ئازادیی هاتوچۆ و پاراستنی ژینگە، و بۆیان نییە باج تەنها لەسەر تێپەڕبوون بسەپێنن، مەگەر لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕاستەقینە بێت. ئەو هۆشداریشی دا کە زیانەکانی داخستنی هورمز بەرۆکی ٢٠٠ دەوڵەتی فقیر و ئیسلامی و وڵاتانی وەک چین و هیندستان دەگرێتەوە، بە جۆرێک کە تێچووی بارھەڵگرتن بەرز دەکاتەوە، ڕێک وەک ئەوەی لە نوقمبوونی داهاتی میسر بەهۆی ئاڵۆزییەکانی باب المندبەوە بینرا.
لەلایەکی ترەوە، غانم عابد، سیاسیی سەربەخۆی عێراقی ئەگەر وادەی گەیشتن بە ڕێککەوتن بە دوور دەبینێت و پێیوایە ئەم شەڕە میدیاییە تەنها بۆ کڕینی کاتە لەلایەن هەردوولاوە. عابد پاڵپشت بە گۆڕانکارییە کتوپڕەکانی ناو فەرماندەیی سەربازیی ئێران و کەمکردنەوەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینی دەکات بژاردەی سەربازی لە چارەسەری سیاسی نزیکتر بێت. بە بڕوای ئەو مەرجەکانی هەردوولا جێگەی قبوڵکردن نین؛ تاران داوای لادانی گەمارۆ و قەرەبوو دەکات و واشنتنیش پێچەوانەکەی دەوێت، بۆیە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەریش ناواقیعی دەرچوون. عابد ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە، هورمز کارتە سیاسییەکەی لەدەستدەدات چونکە وڵاتان بەدوای ڕێڕەوی بەدیلدا دەگەڕێن؛ وەک هەنگاوەکانی عێراق بۆ هەناردەکردنی کەمێک لە نەوتی خۆی لە ڕێگەی تورکیا و کاراکردنەوەی هێڵی بانیۆس لە ڕێگەی سووریاوە.
لە بەرەی سێیەمدا، دکتۆر حەکەم ئەمهەز، توێژەری کاروباری هەرێمی بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە و پێیوایە نەبوونی هاتوچۆی فراوانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی واشنتن باڵادەست نییە. ئەمهەز ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا تەنها تواناکانی سەر ئاوی ئێرانی پەکخستووە، بەڵام تاران هێشتا خاوەنی بەلەمە تیژڕەوەکان، ژێر دەریاییە بێفڕۆکەوانەکان و موشەک و چەکە شاردراوەکانی ژێر ئاوە کە هێشتا بەکاری نەهێناون، ئەمەش دەیسەلمێنێت ئێران هێشتا بە تەواوی نەچووەتە ناو جەنگێکی دەریایی گشتگیرەوە. ئەو جەختی کردەوە کە داواکاریی تاران تەنها باج نییە، بەڵکو دەیەوێت میکانیزمێک دابنێت بۆ ڕێگریکردن لەو کەشتییە ئەمریکییانەی چەکی قورس بۆ بنکەکانیان دەگوازنەوە و سەروەریی ئێران دەخەنە مەترسییەوە. ئەمهەز دانی بەوەدا نا کە ئێران گەرووەکەی داخستووە، بەڵام وتی واشنتن لە سەرەتای شەڕەوە ناوچەکەی بە سەربازی کردووە، و تاران لەبەردەم هەڕەشەیەکی بوونگەراییدایە (وجودي) کە ناچاری دەکات هەموو کارتەکانی بەکاربهێنێت، بۆیە ئەگەرچی "دیواری پۆڵایینی" ئەمریکا کاریگەرە، بەڵام ناتوانێت شەڕەکە بە تەواوی یەکلا بکاتەوە و هورمز هەمیشە وەک چەقێکی سەرەکی دەمێنێتەوە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.