هەرێم نیوز
توێژینەوە زانستی و بایۆلۆژییەکان ڕاستییەکی مێژوویی ئاشکرا دەکەن و دەیسەلمێنن کە تەواوی مرۆڤایەتی لە سەرەتای پەیدابوونیانەوە، لە ڕەچەڵەکی یەک خێزان یان یەک "عەشیرەتی سەرەتایی" لە کیشوەری ئەفریقاوە سەریان هەڵداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، ئاژانسەکانی هەواڵ لەبارەی زانستی بۆماوەییەوە بڵاویانکردەوە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی لە ئێستادا 8 ملیار کەس تێپەڕ دەکات، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کۆی گشتیی مرۆڤایەتی لە سەرەتای پەیدابوونیانەوە (کە بە 117 ملیار کەس دەخەمڵێندرێت) لە ڕەچەڵەکی یەک خێزانی سەرەتاییەوە هاتوون.
بەپێی زانیارییەکانی زانستی بۆماوەیی (Genetics)، سەرەڕای بوونی هەزاران زمان، نەتەوە و کلتووری جیاواز لە جیهاندا، نەخشەی ڕوونی DNAی هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی بە ڕێژەی 99.9٪ هاوشێوە و وەک یەکە. ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە مرۆڤایەتی لە کۆمەڵەیەکی زۆر بچووکی سەرەتاییەوە لە قاڕەی ئەفریقاوە بڵاوبوونەتەوە.
دانیشتووانناسان و زانایانی شوێنەوارناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مێژوودا و بەتایبەت لە دەوروبەری 70 هەزار ساڵ پێش ئێستادا، مرۆڤایەتی بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە ڕووبەڕووی مەترسیی قڕبوون بووەتەوە و ژمارەیان بۆ تەنیا 10 تا 30 هەزار کەس کەمبووەتەوە.
دواتر ئەم گرووپە کەم و سنووردارە وەک یەک عەشیرەتی گەورە دووبارە زەوییان ئاوەدان کردووەتەوە.
پسپۆڕان ڕوونیدەکەنەوە کە گۆڕانی ڕەنگی پێست، شێوازی لەش و دەرکەوتنی زمانە جیاوازەکان تەنیا دەرەنجامی کۆچی ئەو عەشیرەتە یەکەمینە و دابڕانیان بووە لە یەکتر بۆ هەزاران ساڵ لە ژینگە و کەشوهەوای جیاوازدا، بەڵام لە ڕووی بایۆلۆژییەوە تەواوی مرۆڤەکانی پێشوو و ئێستا هاوخوێن و ئامۆزای یەکترین.