دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانتارێکی پارتی: داوامان کردووە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بەشەبەنزینی هەرێم دابین بکرێت

هەرێم نیوز

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە بۆ ڕادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت، هاوکات داواش دەکات حکوومەتی فیدراڵی وەک نیازپاکییەک 4 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە یان کار بە ڕێژەی 14%ـی دانیشتووان بکرێت و ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، یاخود لەو بەنزینەی لە ناوخۆی عێراق بەرهەم دەهێنرێت بەپێی ژمارەی دانیشتووان پشکی هەرێمی کوردستان بدرێت.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن هەرێمی کوردستان ئامادە نییە بەنزین لە بەغدا وەربگرێت، ئەو پەرلەمانتارە ڕەتی کردەوە و ڕایگەیاند کە یاداشتێک بە واژۆی 130 ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە ئامادە کراوە و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر 50 هەزار بەرمیل نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا بوونی نییە کە هەرێم داوای کردبێت، بەڵکوو لە سەرجەم کۆنووسەکاندا حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای 115 هەزار بەرمیلی کردووە و دیاریکردنی بڕی 50 هەزار بەرمیل بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران لە سەردەمی محەممەد شیاع سوودانی دانراوە.

سیپان شێروانی ئەوەشی خستە ڕوو کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە یان نەوتی ڕەشی بۆ زیاد بکات یاخود بەنزینی پێ بدات.

 هاوکات پرسیاری ئەوەشی کرد کە کاتێک عێراق خۆی ڕۆژانە 5 ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکات، چۆن دەتوانێت بەشەبەنزینی هەرێم دابین بکات؟.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە وتی: "ئەگەر ئەو قسەیە ڕاستە کە دەوترێت بەغدا ئامادەیە بەرامبەر 50 هەزار بەرمیل نەوت، 7 ملیۆن لیتر بەنزینمان بداتێ، لە کاتێکدا 50 هەزار بەرمیلەکە تەنها 1 ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم دەهێنرێت، فەرموون نیازپاکی نیشان بدەن و بەیانی 4 ملیۆن لیتر بەنزینەکە بنێرن، بزانن ئەو کاتە ئێمە داواکارییەکەی ئەوان جێبەجێ دەکەین یاخود نا."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP