هەرێم نیوز
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چارەنووسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایگەیاند، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەرەو کۆتایی دەچێت و قۆناغی داهاتوو دیاریکردنی شێوازی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە مانەوە یان چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیماناندا هەیە بەوەی بەشێک لە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەرەو کۆتایی بچێت.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەش کرد، دوای کۆتاییهاتنی ئەو ئەرکە، ئەوەی دەمێنێتەوە دیاریکردنی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانە، بە تایبەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت تا بزانرێت لەسەر چ بنەمایەک ڕێک دەخرێتەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێبەر ئەحمەد جەختی کردەوە، بەرژەوەندیی هاوبەش، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە هەم بۆ خودی عێراق و هەم بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو بابەتە بە باشی بەڕێوە بچێت.