دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هێڵی ئاسمانیی عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان بەسرە و نیودەلهی ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

هێڵی ئاسمانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان شاری بەسرە و نیودەلهی پایتەختی هیندستانی ڕاگەیاند، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی گرژییەکان و داخستنی ئاسمانی ناوچەکەوە ڕاگیرابوون.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هێڵی ئاسمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێگای ئاسمانیی بەسرە - نیودەلهی لە نێوان عێراق و هیندستان لە ١٨ی ئەم مانگەوە دەست پێ دەکاتەوە، و بڕیارە هەفتانە یەک گەشتی ئاسمانی لە ڕۆژانی سێشەممەدا ئەنجام بدرێت.

ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەم ڕێگەیە کە لە سەرەتای مانگی ئازاری ڕابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە ڕاگیرابوو، لە ئێستادا بەهۆی ئارامبوونەوەی دۆخەکە و سوودوەرگرتن لەو سەقامگیرییە، لەگەڵ زیادبوونی خواستی گەشتیاران لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بڕیاری کاراکردنەوەی دراوە.

هێڵی ئاسمانیی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەردەوامن لە فراوانکردنی شوێنەکانی مەبەست و چالاککردنەوەی هێڵەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی عێراق و جیهان، بە جۆرێک تەنها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ڕێگەی ئاسمانییان کردووەتەوە و گەشتەکانیان تێدا دەست پێ کردووەتەوە.

جێی باسە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و هیندستان دوای ئەوە دەست پێ دەکەنەوە کە لە سەرەتای وەرزی بەهاردا ئاسمانی عێراق بەهۆی گرژییە ناوچەییەکانەوە بۆ ماوەیەک داخرا و دواتر لە مانگی نیساندا سەرلەنوێ کرایەوە. لە ئێستاشدا ئەو گەشتانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی یان تورکیاوە) ئەنجام دەدرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP