دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی حکومەتی عێراق؛ هەر گرووپێک چەک دانەنێت بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت

هەرێم نیوز

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لەبارەی قەیرانی هەناردەی نەوت، دابەشکردنی مووچە، کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کۆمەڵێک زانیاری و هەڵوێستی نوێی ئاشکرا کرد.

دۆسیەی مووچە، نەوت و قەیرانی گەرووی هورمز
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکوومەت بە تەواوی پابەندە بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا و ئەو دەنگۆیانەشی بە توندی ڕەت کردەوە کە باس لە دابەشکردنی مووچە لە ماوەی ٤٥ ڕۆژ جارێکدا دەکەن.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی داخرانی گەرووی هورمز، عەبوودی ڕایگەیاند: "عێراق لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە نەوتی هەناردە نەکردووە، دوای داخستنی گەرووی هورمزیش، هەناردەی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لە مانگی نیساندا گەیشتووەتە ٤ ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا."

ڕوونیشی کردەوە حکوومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاری و ناردنی پەیامی ئاشتیانە بۆ وڵاتانی دراوسێ کە خاکی عێراق نابێتە دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک.

دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر چەک و مۆڵەتی ٣٠ی ئەیلول
سەبارەت بە خستنەژێر ڕکێفی چەکی گرووپە چەکدارەکان، گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆکان بە چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران و لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا بەڕێوە دەچن. جەختیشی کردەوە، بەپێی بڕیاری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٦ وەک دوا مۆڵەت دانراوە تاوەکو چەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت و هەر لایەنێک پێچەوانەی ئەمە هەڵسوکەوت بکات، وەک "دەسەڵاتی لەیاسادەرچوو" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، عەبوودی ئاشکرای کرد بانگهێشتنامەی فەرمی ئاراستەی سەرۆک وەزیران کراوە بۆ سەردانیکردنی سعودیە بەڵام تا ئێستا کاتی سەردانەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP