هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان سعودیە، پاکستان و تورکیا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە درکیان بەوە کردووە کە چیتر ئاسایش لە ڕێگەی ئەمریکاوە دەستەبەر ناکرێت.
پەیامی تاران سەبارەت بە ڕێککەوتنی مەککە
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی مەککە دەرەنجامی ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتانی ناوچەکە تێگەیشتوون بەدیهێنانی ئاسایش لە ڕێگەی واشنتنەوە چیتر دەستەبەر ناکرێت.
ناوبراو داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە پەیوەندییەکان و متمانەی نێوانیان بەبێ بوونی یاریزانە دەرەکییەکان بەهێز بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، سیاسەتە فراوانخوازییەکانی "قەوارەی زایۆنیستی" ئێستا بۆ هەمووان ئاشکرا و ڕوون بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە پێویستیی هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە زیاتر ببێت بۆ پاراستنی سەقامگیری.
داواکاریی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیسماعیل بەقایی داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە ڕێگە نەدەن خاک و ئاسمانی وڵاتەکانیان ببێتە بنکە یان سەرچاوەیەک بۆ ئەنجامدانی هیچ جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک بۆ سەر ئێران.
جەختیشی کردەوە کە تەنیا هاوکاریی ناوخۆیی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا دەتوانێت ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام دابین بکات.