هەرێم نیوز
چاوەدێرانی سیاسی و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان تیشک دەخەنە سەر ستراتیژی نوێی ئێران لە ململانێکانیدا لەگەڵ ئەمریکا و جەخت دەکەنەوە کە تاران کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزی وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەرپەرچدانەوە و پاراستنی هاوسەنگیی هێز بەکاردێنێت.
ستراتیژی تاران و فاکتەری کات
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکردەکانی ئێران پێیان وایە کات لە بەرژەوەندی ئەواندا دەڕوات و هەلی سەرکەوتنیان نزیک بووەتەوە. تاران درک بەوە دەکات کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەکی جەنگی ئەمریکا وەک مووشەکە بەرپەرچدەرە پێشکەوتووەکان، فشارێکی گەورەیە لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
لە لایەکی دیکەوە، داخستنی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی وەک کارتێکی فشار بەر لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا دەبینرێت. لەم باریەوە مستەفا نەجەفی، شرۆڤەکاری ئەمنی لە تاران جەخت دەکاتەوە، گەرووی هورمز بووەتە ئامرازێکی ستراتیژی بۆ بەرپەرچدانەوە و چیتر وەک ڕابردوو ڕێڕەوێکی کراوە نابێت و بە بێ مۆڵەتی تاران کەشتییەکان ناتوانن تێپەڕ ببن.
دۆسیەی ئەتۆمی و هۆشدارییە ناوخۆییەکان
ڕەحمان قارەمانپوور، شرۆڤەکاری سیاسی پێی وایە ململانێی هورمز وایکردووە دۆسیەی ئەتۆمی بکەوێتە پلەی دووەم، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە دانوستانە نوێیەکاندا کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە دەبێتە کارتێکی بەهێز بەدەست تارانەوە.
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، ئابووری ئێران بەهۆی گەمارۆکان و لێدانە سەربازییەکانەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. هەڵاوسانی نرخی خۆراک و هەڕەشەکانی واشنتن ترسی لای بەرپرسە میانڕەوەکانی وەک مەسعوود پزیشکیان و محەمەد جەواد زەریف دروست کردووە. زەریف لە وتارێکی نوێدا هۆشداری داوە کە ئەگەر زوو ڕێککەوتن نەکرێت، ئەگەری سەرهەڵدانی نائارامی ناوخۆیی لە ئارادایە، چونکە توانای بەرگەی ئابووریی خەڵک سنووردارە.
لە کۆتاییدا تاران مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەرووەکە دیاری کردووە کە بریتین لە: کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکان. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات.