هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا بە توندی بەرگری لە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران دەکات و ڕادەگەیەنێت، کوژرانی سەربازەکانیان لە ئوردن ناتوانێت ڕێڕەوی هەڵمەتەکەیان بۆ پەکخستنی پڕۆژەی ئەتۆمیی تاران پەکبخات.
چاوپێکەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ نیویۆرک پۆست
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "New York Post"، ڕایگەیاند کە کوژرانی دوو سەربازە ئەمریکییەکە لە ئوردن ئامانجەکانی واشنتۆن لەم هەڵمەتە سەربازییەدا ناگۆڕێت.
ترەمپ وتی، ئەو دوو سەربازە "گەورەترین قوربانییان داوە" بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و هۆشداریشی دا کە ئەگەر لەم قۆناغەدا ڕێگری لە تاران نەکرێت، ئەوا تەواوی ناوچەکە بەرەو ململانێ و جەنگێکی زۆر فراوانتر دەڕوات.
ئەم لێدوانەی ترەمپ تەنیا کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا هات، کاتێک وتی: "ئەمە جێگەی داخە، بەڵام ئەوان (سەربازەکان) ئەوەیان کرد چونکە نایانەوێت ببینن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی... ئەمەش دەریدەخات ئێرانییەکان چەندە خراپن."
سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە بە شێوەیەکی شەخسی پەیوەندی بە خێزانی ئەو دوو سەربازە کوژراوەوە دەکات بۆ سەرەخۆشی.
پەرچەکردار بەرامبەر ڕەخنەکانی کۆنگرێس
پاش ئەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمریکا، ئیدارەکەی ترەمپیان بە بەرپرسیار لە کوژرانی ئەو سەربازانە دانا، سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردنە سەر و بەرگری لە بڕیارە سەربازییەکانی کرد و وتی: "ئایا تاكو ئێستا پرسیوتانە چەند کەس لە ڤێتنام کوژران؟ یان چەند کەس لە ئەفغانستان لە ماوەی یەک ڕۆژدا کوژران؟".
ترەمپ وتیشی: "ئێمە ئێستا باس لە دوو جەنگ دەکەین؛ ڤەنزوێلا و ئەم جەنگە. ئەمە جێگەی داخە، بەڵام ئەوان مردن چونکە نایانەوێت ببینن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و نایانەوێت ببینن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتەقێتەوە."
ترەمپ بەردەوامە لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەرژەوەندییەکی باڵا و بنەڕەتیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایە، چونکە چەکداربوونی تاران بەم چەکە هۆکاری سەرەکیی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و هەڕەشەیە بۆ سەر هاوپەیمانەکانی واشنتۆن.
پاشخانی هێرشەکەی ئوردن و بەردەوامیی بۆردومانەکان
ئەم ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەی سوپای ئەمریکا وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دێت بۆ سەر ئەو هێرشەی کە ڕۆژی هەینی کرایە سەر بنکەی ئامانیی "موەفەق سەڵتی" لە وڵاتی ئوردن، کە بەهۆیەوە دوو سەربازی ئەمریکی کوژران، یەکێکی دیکە بێسەروشوێن بوو و لانیکەم چوار سەربازی تریش بریندار بوون. هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، سوپای ئەمریکا بۆ هەشتەمین شەوی لەسەریەک، شەپۆلی هێرشە ئاسمانییە کتوپڕەکانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران بەردەوامی پێدەدات.