هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"، ڕای گەیاند کە ئەمریکا ئەرکی پاراستنی گەرووی هورمز دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەمجارەیان کارەکە بەخۆڕایی نابێت و داوای قەرەبووکردنەوەی خەرجییەکان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی 7ـی 2026، ترەمپ جەختی کردەوە کە پێویستە وڵاتان چاوەڕوانی ئەوە نەکەن ئەمریکا وەک ساڵانی ڕابردوو بەخۆڕایی پاسەوانیی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی بە بەرپرسیار زانی لە شکاندنی ڕێککەوتنەکان و ڕای گەیاند، ئەمریکا بەشێوەیەکی زۆر بەهێز لە پێگەکانی ئێران دەدات، وەک چۆن شەوی ڕابردوو ئەو کارەی ئەنجام داوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکییان گێڕانەوەی ئەو خەرجییانەیە کە ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی لە ناوچەکەدا کردوویەتی و قەرەبووکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە لەسەر هێزەکانیان دروست بووە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە دوێنێ ماوەی 11 کاتژمێر لە گفتوگۆدا بوون لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە ڕێککەوتنەکان، واشنتن بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی "لێپرسینەوە" لە هێزەکانی ئێران.