دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران: چاوپۆشی لە هێرشەکانی ئەمریکا ناکەین

هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، ڕەخنەی توند ئاراستەی واشنتۆن و وڵاتانی ئەوروپی دەکات و جەخت لەسەر وەڵامدانەوە و تۆڵەسەندنەوە دەکاتەوە.

 شکستی پیلانی دووبەرەکی و سووربوون لەسەر تۆڵە
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی فراواندا ڕایگەیاند، گەلی ئێران بە سەربەرزی دەمێنێتەوە و خەڵکی وڵاتەکەی سوورن لەسەر داواکردنی تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانیان. بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، نەیاران و دوژمنانی وڵاتەکەی هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ دروستکردنی جیاکاری و دووبەرەکی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، بەڵام تەواوی ئەو پیلانانە شکستیان هێناوە و گەلی ئێران بە یەکگرتوویی دەمێننەوە و ڕێگە نادەن درز بکەوێتە نێوان ڕیزەکانی گەل و حکومەتەوە.

تێکچوونی یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن
تەوەرێکی سەرەکیی قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قۆناغێکی یەکجار خراپدا تێدەپەڕێت." بەقایی جەختی کردەوە کە ئەوان نابنە ئەو لایەنەی دەستپێشخەر بێت لە پێشێلکردنی یاداشتەکە، بەڵام واشنتۆن بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێلکاری دەکات.

گوتەبێژەکە ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە دانبەخۆداگر نەبووە و ڕێککەوتنەکەی شکاندووە، کاتێک بۆ پابەندییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز چاوەڕێی نەکرد تاوەکو مۆڵەتە ٣٠ ڕۆژییەکە کۆتایی بێت و دەستی بە هێرشی سەربازی کرد.

هێرش بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا و بەرپرسیارێتیی ئەمریکا
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، ئیسماعیل بەقایی هێرشی توندی کردە سەر بەیاننامەی هاوبەشی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ڕایگەیاند، ئەو بەیاننامەیە بە هیچ شێوەیەک شەرعییەتی نییە. ئەو گوتی: "وڵاتانی ئەوروپا پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی ڕاستییەکان بە چەواشەکاری و پێچەوانە ببینن. ڕاستی ئەوەیە سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەی ئێستا ناوچەکە و جیهان پێوەی گرفتارن، دەگەڕێتەوە بۆ کردەوە دەستدرێژکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی ئاداری ڕابردوو و بەردەوامیی هەمان سیاسەت."

بەقایی باسی لەوەش کرد، کە وڵاتانی ئەوروپا دەیانتوانی ڕۆڵێکی بونیاتنەر و بەرپرسیارانە بگێڕن، بەڵام بەهۆی ڕاهاتنیان لەسەر کڕنووشبردن و ملکەچی بۆ ئەمریکا، نیازێکی لەو شێوەیەیان نییە و بەردەوامن لە دەرکردنی بەیاننامەی یەکلاینە کە نە یارمەتیی چارەسەرکردنی دۆخەکە دەدات و نە پێگەی ئەوروپاش لە جیهاندا بەرز دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP