هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا ئاشکرای کرد، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەبووە لە ڕازیکردنی مجتبی خامنەیی، ڕابەری نوێی وڵاتەکە، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ واشنتن.
پزیشکیان بە ڕاشکاوی هۆشداریی داوەتە ڕابەری نوێ کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییە توندەکانی ئەمەریکا، ئابووریی ئێران لە لێواری داڕووخانێکی تەواودایە و ئەگەر ڕێگە بە دانوستان نەدرێت، دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، جگە لە گوشارەکانی سەرۆک کۆمار، عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران، لە نامەیەکی تونددا بۆ بەرپرسانی باڵای وڵات ڕای گەیاندووە کە بەهۆی داڕووخانی دارایی و بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان، ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا ڕووبەڕووی قەیرانی کەمیی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان دەبێتەوە.
لە ژێر کاریگەریی ئەم ڕاپۆرتە مەترسیدارانەدا، مجتبی خامنەیی دواجار ڕەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی دانوستانەکان پیشان داوە. ڕابەری نوێ جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای دژایەتیی هزریی خۆی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام بۆ ڕزگارکردنی وڵات لەم دۆخە، پاڵپشتیی لەو هەنگاوە دەکات ئەگەر لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
دواتر، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە زۆرینەیەکی ڕەها (١٢ دەنگ) پلانەکەی پەسەند کرد. بەم بڕیارە، تیمی دانوستانکاری ئێران ڕێگەی پێ درا بچێتە سەر مێزی گفتوگۆکان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ هەڵگرتنی سزاکان و کۆتاییهێنان بەو دۆخە جەنگییەی وڵاتەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت.