هەرێم نیوز
ئێران بە تووندترین شێوە هۆشداری دا لەوەی کە گەروی هورمز شوێنی "نمایشی سەربازیی هێزە دەرەکییەکان" نییە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پلانی فەڕەنسا و بەریتانیا دێت بۆ ناردنی نێردەیەکی سەربازیی فرەنەتەوەیی بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە پلاتفۆڕمی "X" نووسیویەتی: "گەروی هورمز گۆڕەپانێک نییە بۆ نمایشی سەربازیی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی ناوچەکەوە هاتوون".
ناوبراو جەختی کردەوە کە تاران وەک هێزێکی بەرپرسیار لە پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە، هۆشداری دەدات لە هەر جوڵەیەکی سەربازیی بیانی لەو ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارەدا.
غەریب ئابادی ئاماژەی بەوەش دا کە "ئاسایشی هورمز بەرپرسیارێتیی وڵاتانی کەنداوە و ئەوانەی دەیانەوێت قەیران دروست بکەن، بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامی سەرکێشییەکانیان هەڵدەگرن".
ئەم کاردانەوەیەی ئێران پاش بەیاننامەیەکی هاوبەشی کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دێت، کە تێیدا ئامادەییی خۆیان بۆ ناردنی نێردەیەکی سەربازیی فرەنەتەوەیی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی ئازادیی کەشتیوانی.
هەردوو سەرۆکەکە گەروی هورمزیان بە "خوێنبەرێکی زیندووی ئابووریی جیهان" ناو برد و ڕایان گەیاند کە ئامادەن هاوکاریی نزیک لەگەڵ هاوبەشەکانیان و سەڵتەنەتی عومان بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئاوە هەرێمییەکان بۆ کەشتیوانی ئارامن.
شایانی باسە، ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە ڕێڕەوی دەریایی لە گەروی هورمز لە ماوەی شەڕی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا بەخۆیەوە بینی، بووەتە هۆی پەستانێکی توند لەسەر بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا، ئەمەش وای کردووە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی پاراستنی ئەو ڕێڕەوە گرنگە بدەن.