هەرێم نیوز
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی پێزانینی قووڵی خۆی بۆ سیاسەتی حەکیمانە و هاوسەنگی هەرێمی کوردستان دەربڕی لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە شێواندنی سەقامگیریی سنوورە هاوبەشەکان.
هاودەنگیی هەولێر و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان
ئەمڕۆ شەممە ٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ناوەڕۆکی دیدارە گرنگەکەی نێوان مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پزیشکیان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم کردووە بۆ هاوسۆزی و ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەی کە هەولێر لە هەمبەر پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە نیشانی داوە.
لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە: "دەستدرێژکاران لە ماوەی ڕابردوودا هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆی ئێران تێکبدەن و بەرەو دابەشبوونی بەرن، بەڵام بە پێچەوانەوە، گەلی ئێران لە هەمیشە یەکگرتووتر و هاودەنگتر بوو." سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە "دانایی و دۆستایەتی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئەوەی سەرجەم ئەو پیلانە مەترسیدارانەی کە بۆ سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوامان داڕژابوون، بە تەواوی پووچەڵ ببنەوە."
ڕێگریکردن لە جووڵەی تێکدەرانە لە خاکی هەرێمەوە
سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ئاشکرای کرد، لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا پزیشکیان بە تایبەت سوپاسی هەڵوێستی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانی کردووە لە بەرامبەر ڕێگریکردنی تەواوەتی لە قۆستنەوەی خاکی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە کارێکی سەربازی یان ئەمنی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک بزووتنەوەی بەکرێگیراو و جوداخواز لە چوارچێوەی پلانی هێزە دەرەکییەکاندا، ویستیان لە ڕێگەی سنوورەکانەوە ڕێگە خۆشکەن بۆ جێبەجێکردنی کردەی دوژمنکارانە و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە، بەڵام نەیانتوانی؛ چونکە ستراتیژیەت و هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی بوو بۆ هەڵوەشاندنەوە و پەکخستنی سەرجەم ئەو ئەجێندایانە، ئەمەش ئاستی متمانەی مێژوویی نێوان تاران و هەولێر بۆ قۆناغێکی باڵاتر بەرز دەکاتەوە.