هەرێم نیوز
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، هاوڵاتیەک لە بنکەی پۆلیسی شەهیدانی قەزای کەلار سکاڵایەکی تۆمارکرد لە سەرسێ کەس بە گومانی ئەوەی جادوی لێ کرابێت، ئەوەش پشتبەستن بەوەی لە شوێنی ڕووداوەکەدا لەڕێگەی کامێرای چاودێریەوە دەرکەوتووە کە ئاویان ڕشتووە بە دیوار و بەردەم دەرگای ماڵی سکاڵاکار و ماڵی باوکی.
عەقید سۆران محمد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیەند، لەسەر ئەم بنەمایە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار و بەپێی ماددەی (٤٣٠) لە یاسای سزادان ئەو سێ کەسە دۆسێیان بۆکراوەتەوە و پاش تەواوبوونی ڕێکارەسەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە، بە کەفالەت ئازاد کراون.
ئێستا پۆلیس بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە و سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە وبەدەست هێنانی شایەتەکانن بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.