هەرێم نیوز
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران ڕای گەیاند، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هیچ ڕێپێدانێکیان نییە بۆ گەیشتن بەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی ئێران کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی 7ـی 2026، قاڵیباف لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی کردەوە کە ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای یاسایەکەی پەرلەمان و ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە "بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە چوونەژوورەوە بۆ ئەو ناوچانە نادرێت کە بۆردومان کراون؛ ئەمە یاسایە و دەبێت جێبەجێ بکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، قاڵیباف مژدەی ئازادکردنی بەشێک لە سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێرانی دا و ئاشکرای کرد کە لە سەردانەکەیدا بۆ سویسرا، بە ئامادەبوونی جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و جێگری وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە، مۆڵەتی ئۆفەک (OFAC) و بەڵگەنامەی ئازادکردنی ٦ ملیار دۆلار لە سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران یەکلا کراوەتەوە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕای گەیاندووە کە ئەو دانوستانانە کۆتاییان هاتووە و ڕاوێژەکان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییە بەردەوام دەبن.
شایانی باسە، پاش هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی ئێران، پەرلەمانی ئێران بڕیاری هەڵپەساردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد، کە بەپێی ئەو یاسایە، هەر جۆرە هاریکارییەک، لەوانە دەستڕاگەیشتنی پشکنەران، تا کاتی مسۆگەرکردنی ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و گەرەنتییکردنی مافەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕاگیراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی لە هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین جار داوای لە تاران کردووە ڕێگە بە پشکنەران بدات بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان.