هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە گەل و سەرکردایەتیی ئێران بکاتە ئامانج، دەوەستێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی 7ـی 2026، عەباس عێراقچی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن ڕوونە و سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکات بەوەی ئیسرائیل جڵەوگیر بکات.
ناوبراو هۆشداری دا، ئەگەر لایەنی بەرامبەر گوێڕایەڵ نەبن، ئێران وانەیەکیان پێ دەڵێت کە هەرگیز لە بیری نەکەن.
ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی سەربازە کوژراوەکانی شەڕی لوبناندا، ئاماژەی بە ئەگەری نوێبوونەوەی شەڕ لەگەڵ تاران کرد و ڕای گەیاند، تەلئەڤیڤ ئامادەیە بۆ جاری سێیەم هێرش بکاتە سەر تاران ئەگەر پێویست بکات.
کاتز جەختی لەوە کردەوە، دوو جار بە هێرشی پێشوەختە ڕووبەڕووی ئێران بوونەتەوە و ئەگەر پێویست بکات هێرشی سێیەمیش دەکەن، هاوکات هۆشداری دا کە سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچە ئەمنییەکانی لوبنان، سووریا و غەززە دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە.