هەرێم نیوز
کەناڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر چاودێریی توندی دەوڵەتانی کەنداودا چالاک دەکرێنەوە و ئاماژە سەرەتاییەکانیش باس لە نزیکبوونەوەی هەردوولا دەکەن لە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
نێردراوە تایبەتەکانی ترەمپ لە قەتەرن
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای کرد، دانوستانە نێوەندگیرەکانی نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەرەوپێشچوونی ئەرێنی و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، هاوشانی جارێد کوشنەری زاوای و ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، زنجیرەیەک گفتوگۆی گرنگ و بنیاتنەریان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ناوچەکە لە دەوحە ئەنجامداوە.
بلومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە، کە پەیوەندی و گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە شێوازێکی چڕ بەردەوامە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی کۆتایی لەسەر میکانیزمی وەستاندنی تەواوەتیی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر چوونە پێشەوەی گفتوگۆکان پشتڕاست دەکاتەوە
لەسەر هەمان دۆسیە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، پێشوازیی لە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر کردووە و کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بە درێژی گفتوگۆ لەبارەی قۆناغەکانی دانوستانە بەردەوامەکان کراوە کە لە ژێر چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. دەسەڵاتدارانی دەوحە جەختیان کردووەتەوە کە لایەنەکان پێشێلکارییەکانی پێشوویان تاوتوێ کردووە و ئێستا کار لەسەر داڕشتنی هێڵکارییەکی نوێ دەکەن بۆ جێگیرکردنی ئارامی و هێورکردنەوەی گرژییە سەربازییەکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.