هەرێم نیوز
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادات سەردانی ئەو بنکە و وێستگە ئەتۆمییانە بکەن کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆردومان کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ڕێگەپێدانی پشکنەرانی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ بینینی شوێنە زیانلێکەوتووەکان و ڕایگەیاند: "بابەتی ڕێگەپێدان بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ بینینی ئەو وێستگانەی بۆردومانکراون، دوورە لە ڕاستییەوە؛ لە ئێستادا ئەوان بەپێی یاسا دەتوانن تەنها دوو شوێن ببینن، کە یەکێکیان وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهرە و ئەوەی دیکەشیان تارانە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە دیاریکردنی ئاستی دەستپێگەیشتن و چاودێریکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکان تەنها لە ئەستۆی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە و هەر ئەو دامەزراوەیەش چوارچێوەی کارەکانی دیاری کردووە و کەس ناتوانێت پێشێلی بکات.
قالیباف لە پەیامێکی تونددا بۆ نەیارانی ناوخۆیی وتی: "کەسانێک هەن کە نە لە دیپلۆماسیدا و نە لە شەڕدا هاوکاریی وڵاتەکەمان ناکەن، بەڵام من لێرە وەستاوم بۆ ئەوەی هەم شەڕ بکەم، هەمیش لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێراندا کایەی دیپلۆماسی ئەنجام بدەم."
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ئەو کاربەدەستە باڵایەی تاران ئاشکرای کرد، کە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیدا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا، بەم زووانە سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتی چین ئەنجام دەدات، بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییە ستراتیژی و سەربازییەکانی نێوان تاران و پەکین.