هەرێم نیوز
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، بڕیارە لە ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوودا دانوستانی تەکنیکی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، کە تیایدا پرسی بەرنامەی ئەتۆمی، موشەکی بالیستی، کەمکردنەوەی گەمارۆکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران تاوتوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی 6ـی 2026، شەریف لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، گەشبینن بەو پرۆسەیە و هیوادارن لەو ماوەیەدا بگەنە ڕێککەوتنێکی پایەدار و درێژخایەن.
لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، ئاژانسی "فارس"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند کە وتەکانی سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەبارەی تەوەری موشەکی بالیستی لە دانوستانەکاندا "تەواو هەڵەیە و ڕەنگە لە نەزانییەوە بێت".
ئاژانسەکە جەختی کردەوە، پاکستان لە ئێستادا ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە نێوەندگیریی دانوستانەکاندا نییە و قەتەر بە کاریگەرترین لایەن بۆ نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن دادەنرێت.