دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتەنیاهۆ: بۆ 30 ساڵی داهاتوو، دەبێت تواناکانی هێزی سەربازیی ئیسرائیل زیاتر بکەین

هەرێم نیوز

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە نزیکەکانیان بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئایندەی ئیسرائیل بەتەواوی پەیوەستە بە ئاستی هێز و تواناکانیانەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی 6ـی 2026، نەتەنیاهوو لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ بەشداربووانی خولێکی ئەفسەرانی یەدەگی جەنگی لە ناوچەی "گوش عەتسیۆن" ڕایگەیاند، گورزیان لەو هێزانە وەشاندووە، بەڵام ئەم پرسە کۆتایی نەهاتووە. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، پێگەی ئیسرائیل لە دەیەکانی داهاتوودا پەیوەستە بە هێزەکەیانەوە، بۆیە حکوومەتەکەی لە هەوڵی بەردەوامی بنیادنانی هێزێکی زیاتردایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە سەربەخۆیی چەکداری کردەوە و ڕایگەیاند، هەرچەندە پشتیوانیی دۆستە ئەمەریکییەکانیان بەرز دەنرخێنن، بەڵام دەبێت هەوڵ بدەن خۆیان لە پشتبەستن بە دەرەوە ڕزگار بکەن و سیستەمێکی بەرگری و چەکداریی سەربەخۆ بۆ خۆیان بنیاد بنێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP