دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: کەشتییە جەنگییەکان لە شوێنی خۆیان دەهێڵمەوە و پێویست بکات گەمارۆکان دەسەپێنمەوە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەهۆی سازشە گەورەکانی ئێران لەوانە ڕێگەدان بە پرۆسەکانی پشکنینی ئەتۆمی، ڕەزامەندیی داوە گەمارۆی دەریایی لەسەر ئەو وڵاتە هەڵبگیرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە هێزە دەریاییەکانیان لە ناوچەکەدا دەهێڵنەوە و ئەگەر پێویست بکات، گەمارۆکان سەپاندنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی 6ـی 2026، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بەتەواوەتی ڕەزامەندیی داوە لەسەر بەرزترین ئاستی پرۆسەی پشکنینی ئەتۆمی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

 ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ئێران ڕازی نەبووایە بە پشکنینی ئەتۆمی، هیچ دانوستانێکی دیکە ئەنجام نەدەدرا. 

سەبارەت بەو پارە بلۆککراوانەی ئێران کە ئازاد دەکرێن، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەو پارانە تەنیا بۆ کڕینی ماددە خۆراکی و پزیشکییەکان لە ئەمەریکا، وەک گەنم، زەڕات و سۆیا بەکاردەهێنرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەگەری سەپاندنەوەی گەمارۆکان لەم قۆناغەدا کەمە، بەڵام کەشتییە جەنگییەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکی پێویستدا، بتوانن دەستبەجێ گەمارۆکان جێبەجێ بکەنەوە. 

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی ڕابردوو 19 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە کە ئەوەش ڕێژەیەکی بێپێشینەیە و بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و سەقامگیریی زیاتری بازاڕەکانی جیهان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP