دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران یەکشەممەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکات

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵی "مەیادین"ـی ڕاگەیاندووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەنیازە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بکات، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوو پرسی گرنگ.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی 6ـی 2026، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا، تاوتوێکردنی ئەنجامی ئەو دانوستانانەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سویسرا لەنێوان واشنتن و تاران بەڕێوەچوو. 

هاوکات، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە ڕێکخستن و ئامادەکارییەکانی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێرانە، کە بڕیارە شاند و کەسایەتییەکانی وڵاتانی ناوچەکەش بەشداری تێدا بکەن.
سەبارەت بە خشتەی کاتیی بەخاکسپاردنەکە، سەرۆکی لیژنەی بەخاکسپاردن ڕایگەیاندووە، ڕێوڕەسمەکە لە ڕۆژی شەممە 19ـی موحەڕەم بە فەرمی دەست پێ دەکات. 

لە عێراقیش، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووز، تەرمەکە بە شارەکانی نەجەف و کەربەلا ببرێت، پاشان وردەکارییە لۆجستیکییەکانی پرسەکە لە عێراق ڕادەگەیەنرێت.

پاشخانی هەواڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عەلی خامنەیی لە 28ـی شوباتی 2026 لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران گیانی لەدەست دا. 
بەهۆی بارودۆخی جەنگ و مەترسییە تەناهییەکان، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ زیاتر لە 100 ڕۆژ دواخراوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شاری مەشهەد بەڕێوەبچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP