هەرێم نیوز
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دواین هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لەبارەی داهاتووی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە ڕایگەیاند کە تاران بە تەواوی کۆنترۆڵ و پڕۆسەی بەڕێوەبردنی گەرووی ستراتیژیی هورمز دەگرێتە ئەستۆ.
ئەم لێدوانە توند و فەرمییەی قالیباف لە کاتێکدایە، کە پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سوڵتانیەتی عومان جەختیان لەسەر پێویستیی کردنەوەی بەردەوامی گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیڕانیی جیهانیدا کردبووەوە، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە باج یان سەرانەیەک لە لایەن هیچ وڵاتێکەوە لە کەشتییەکان وەربگیرێت.
قالیباف لە دوای کۆتاییهاتنی دانوستانە تەکنیکی و چڕەکانی نێوان واشنتن و تاران لە وڵاتی سویسرا، ئاماژەی بەوە کرد کە پێگەی جیۆپۆلەتیکی و سەربازیی گەرووی هورمز گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش ڕێککەوتی ٢٨ی شوباتی ڕابردوو، کە ساتی دەستپێکردنی گرژی و شەڕی ناوچەکە بوو. ناوبراو ڕاشیگەیاند: "ئێران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافی تەواوی خۆیەتی کە سەرپەرشتی و ئیدارەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە و ستراتیژییەی جیهان بکات."
سەبارەت بە ئەنجام و دەرئەنجامە داراییەکانی گفتوگۆکانی سویسرا، ئاشکرای کرد کە گەشتەکەیان بۆ ئەوروپا "دەستکەوتی یەکجار باش و مێژوویی" بۆ گەلی ئێران هەبووە، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی لادانی سزاکانی سەر کەرتی نەوت و غاز و ئازادکردنی تەواوی داراییە بلۆککراوەکانی تاران لە بانکەکانی جیهاندا.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران زانیاریی وردتری خستەڕوو و پشتڕاستی کردەوە کە ڕێککەوتنی فەرمیی ئازادکردنی ١٢ ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران بە کرداری چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ هاوکاوت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش مۆڵەتی فەرمی و گشتیی فرۆشتنی ئازادانەی نەوتی بەخشیوەتەوە بە ئێران، ئەمەش وەک بەشێک لە لێکتێگەیشتنە نوێیەکانی نێوان هەردوو لایەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.