دواین هەواڵ

ئابوری‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە نانێرێت کە کارتی بانکیی (هەژماری من)یان نییە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دەداتە سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران، کە پێویستە لە ماوەی دیاریکراودا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان تەواو بکەن، بە پێچەوانەوە شایستە داراییەکانیان لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە ڕادەگیرێت.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیاردرا بە دانانی کۆتا مۆڵەت بۆ ماوەی تەنیا سێ مانگ بە مەبەستی تەواوکردنی گشت ڕێکارەکانی خۆتۆمارکردنی سەرجەم سوودمەندان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانیی "هەژماری من".

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی بڕیاری فەرمیی حکوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک تاوەکو ڕێکەوتی ٣١ی ئابی ٢٠٢٦ خۆی لەو سیستەمەدا تۆمار نەکردبێت و کارتی بانکییەکەی وەرنەگرتبێتەوە، شایستەی دارایی و مووچەی مانگانەکەی لە لایەن حکوومەتی بەغداوە بە تەواوی ڕادەگیرێت و چیتر لە چوارچێوەی پشکی هەرێمدا ڕەوانە ناکرێت.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا کە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت، دەستە و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە، هاتووە کە پڕۆسەی چاپکردن و دروستکردنی کارتەکان لە کاتی خۆتۆمارکردنی فەرمانبەرەکەوە نزیکەی مانگێک لە لایەن بانکە بەشداربووەکانەوە دەخایەنێت.

بۆ ئەم مەبەستە، داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکان کراوە کە لە زووترین کاتدا ڕێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە تەواوی کارمەند و سوودمەندانیان خۆیان تۆمارکردووە و کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە تاوەکو تووشی کێشەی بڕینی مووچە نەبن.

پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەیەکی فەرمیی کەرتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە مەبەستی بەبانکیکردن (تەوتین) و ڕێکخستنی شێوازی فەرمیی وەرگرتنی مووچە، کە وەک جێگرەوەی شێوازە تەقلیدی و کۆنەکەی دابەشکردنی دەستی هاتووەتە کایەوە. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە بریتییە لە دیجیتاڵکردنی تەواوی سیستەمی دارایی هەرێم، پێدانی مووچە بە شێوازێکی شەفاف و پێشکەوتوو، و کەمکردنەوەی مامەڵەی نەختی (کاش) لە بازاڕەکاندا.

ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ بە شێوازی تاقیکاری بۆ فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر دەستیپێکرد، دواتر لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی لە سەرانسەری پارێزگاکانی هەرێمدا ڕایگەیاند.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP