دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

جەنگ لەبەر دەرگایە...

 

ترەمپ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی کردەی سەربازی دەکات دژی ئێران، لە کاتێکدا ئاگربەست لە لێواری گیانەڵادایە .. وردەکارییەکان بەپێی باراک ڕافید لە ماڵپەڕی ئەکسیۆس چییە؟

بەپێی گوتەی سێ بەرپرسی ئەمریکی، ترەمپ ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگی ئێراندا، لەوانەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردەی سەربازی، ئەوەش دوای ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ تاران ڕۆژی یەکشەممە گەیشتنە بنبەست.

*بۆچیی ئەمە گرنگە؟
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ترەمپ ڕێککەوتنێکی دەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام ڕەتکردنەوەی زۆرێک لە داواکارییەکانی لە لایەن ئێرانەوە و ئامادەنەبوونی تاران بۆ پێشکەشکردنی سازشی واتەدار سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، وایکردووە بژاردەی سەربازی بگەڕێتەوە سەر مێزەکە.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن چاوەڕوان دەکرێت جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف نێردەی کۆشکی سپی، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هیگسێت وەزیری بەرگری، جەنەراڵ دان کەین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا، جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری (CIA) و بەرپرسانی تری باڵا، بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەدا بکەن.

دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ترەمپ مەیلی بۆ ئەوە هەیە جۆرێک لە کردەی سەربازی دژی ئێران ئەنجامبدات، تاوەکو فشارەکان لەسەر ڕژێمەکە زیاد بکات و ناچاریان بکات سازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بکەن. بەرپرسێکی ئەمریکی گوتی: "کەمێک ئاراستەیان (ڕیتمی کارکردنیان) بۆ ڕێکدەخاتەوە". بەرپرسێکی دووەمیش گوتی: "پێموایە هەموومان دەزانین ئەم بابەتە بەرەو کوێ دەچێت".

یەکێک لەو بژاردانەی ترامپ لێکۆڵینەوەی لێدەکات بریتییە لە دەستپێکردنەوەی "پڕۆژەی ئازادی" (Project Freedom)، کە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکییە بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا و هەفتەی ڕابردوو ڕاگیرابوو. بژاردەیەکی تریش بریتییە لە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی بۆردومانکردن و لێدانی ئەو (٢٥٪)ـەی ئامانجانەی، کە سوپای ئەمریکا دیارییکردووە و هێشتا لێی نەداون.

حکومەتی ئیسرائیل داوا لە ترەمپ دەکات فەرمانی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکان بدات بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران. بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن ترەمپ دوودڵە لە دەرکردنی فەرمانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە، چونکە مەترسییەکەی زۆر بەرزە.

بەڵام یەکێک لەو فاکتەرانەی لەبەردەم ترەمپدایە کاتێک هەنگاوەکانی داهاتووی شەڕەکە هەڵدەسەنگێنێت، سەردانەکەیەتی بۆ چین لەم هەفتەیەدا. چاوەڕواندەکرێت سەرۆک ڕۆژی چوارشەممە بەڕێبکەوێت و ڕۆژی هەینی بگەڕێتەوە. دوو بەرپرسی ئەمریکی گوتیان پێیانوانییە ترەمپ پێش گەڕانەوەی لە چین فەرمانی کردەی سەربازی بدات.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن چاوەڕواندەکرێت ترەمپ جەنگی ئێران لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین تاوتوێ بکات. چین بەردەوام هانی ئێرانی داوە بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام تا ئێستا ئەوە سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP